یارییەکان :: لێکدان بە پەنجە (لێکدان)

ئەم چالاکییە بۆ فێربوونی لێکدانە، ڕێگەیەکی ئاسانە کە فێرخوازان ئاشنای ئەم ڕێگەیە بن ئاسانتر دەتوانن وەڵامی لەناکاوی پرسیاری لێکدانەکان بدەنەوە، دەکرێت ئەم ڕێگەیە تەواوی ساڵەکە لەگەڵ پۆلی سێهەمەکان کاری پێ بکرێت، وە لە پۆلی دوو لە کۆتاکانی وەرزی دووهەم فێرخواز ئەم یارییەیان پێ ئاشنا بکرێت. دەکرێت بکرێتە بەرۆکگیرییەک و لەنێو فێرخوازاندا باسی لێوە بکرێ، بۆ نموونە: دەشێ ئێمە «بەرۆکگیری هەفتانە»مان هەبێت و لێکدان بەرکار بێت. لە دەرەوەی پۆل دەکرێت فێرخوازان بە ئارەزووی خۆیان یان لە هەر شوێنێکی گۆڕەپانەکە دابنیشن و پرسیاری لێکدانیان لێ بکرێت و بە پەنجەکانیان وەڵام بدەنەوە، دەکرێت هەر یەکێک لە فێرخوازەکان لێکدانێکیان بە نۆتێکی بچووک پێ بدرێت و لە دەرەوە بەدوای وەڵامەکاندا بگەڕێن. دەکرێت وێنەی دەستەکان لە سەر A4ێک بکێشرێت و ببڕدرێت بۆ ئەوەی فێرخواز بەکاری بهێنێت لەکاتی ئەنجامدانی لێکدان. هەر پەنجەیەک ئاماژەیە بۆ ژمارە 10 واتە لەسەرەتادا ئێمە هەموو پەنجەکان بەرز دەکەینەوە بۆ هەر دەستێک 5 پەنجە کە هەر پەنجەیەک وەک 10 ژمارە بێت ئەوا 5*10 دەکاتە 50 بۆ هەر دەستێک. کاتێک دەمانەوێ ئەنجامی لێکدانێک بزانین هەردوو دەستمان بەرز دەکەینەوە و پەنجەکانمان کراوە دەبن. ئەوجا هەر دەستێک پەیوەستە بە ژمارەیەک لە لێکدانەکە، بۆ نموونە: 7*9 ئەوا ژمارە 7 پەیوەستە بە دەستی ڕاستمان و ژمارە 9 بۆ دەستی چەپ یان بە پێچەوانەوە گرفتێک نابێ. ئێستە دەستی ڕاستمان ئاماژەیە بۆ ژمارە 7 هەر پێنج پەنجەکە بەرز دەکەینەوە: 7 چەند ژمارەی کەمە لە 10؟ بێگومان 3 کەواتە سێ پەنجە دادەخەین، ئێستە 2 پەنجە کراوەیە کە هەر یەکەیان ئاماژەبێت بۆ 10 ژمارە ئێستە لە دەستی ڕاست 20 ژمارەمان هەیە چونکە 2*10 دەبێتە 20. دەستی چەپیشمان ئاماژەیە بۆ ژمارە 9 هەر پێنج پەنجەکە بەرز دەکەینەوە: 9 چەند ژمارەی کەمە لە 10؟ بێگومان 1 کەواتە یەک پەنجە دادەخەین. ئێستە 4 پەنجە کراوەیە کە هەر یەکەیان ئاماژە بێت بۆ 10 ژمارە ئێستە لە دەستی چەپ 40 ژمارەمان هەیە چوونکە 4*10 دەبێتە 4. کەواتە: 20 لە دەستی ڕاست + 40 لە دەستی چەپ دەکاتە 60 لە دەستی ڕاست 3 پەنجە داخرابوو لە دەستی چەپیش 1 کەواتە: 3*1 هەر دەکاتەوە3. 60+3=63 ئەنجام: 7*9=63 

ئامانج لەم یارییە

ئامانج لەم یاری و چالاکییە:

١- فێری لێکدان دەبن بە کاتێکی کەم.

٢- فێری بەکارهێنانی جەستەی خۆیان دەبن بۆ فێرکاری.

٣- پەیدۆزی بەدوای وەڵامی دروستدا.