یارییەکان :: «پێنجبەردی» یاخود «ساڵساڵێن» (ژمارە و ژماردن)

یارییەکی کۆنی کوردەوارییە، ئەم یارییە لەنێوان دوو گروپدا دەکرێت، کۆمەڵێک بەرد لەسەر یەک دادەنرێن گرووپێک سەرەتا پیویستە بە تۆپێک بیدات لە بەردەکان و بیانڕووخێنێتەوە، گرووپەکەی دیکەش لەلای بەردەکان وەستاون لەگەڵ ڕووخانی بەردەکان پێویستە بە تۆپەکە بدات لە ئەندامانی گرووپی بەرانبەر هەر کامێکیان تۆپەکەی بەرکەوت ئەوا لەیاریەکە دەچێتەدەر، ئەوانی دیکەش پێویستە بەردەکان لەسەر یەکدی دابنێنەوە و قەڵاتەبەردەکە دروست بکەنەوە. یارییەکە بەمشێوەیە بەردەوام دەبێت تا هەموو ئەندامانی تۆپبەدەست گرووپەکەی دیکە لە یاریەکە دەکەنە دەر بەوەی تۆپەکە بەر هەموو ئەندامەکان بکەوێت یان ئەوانەی بەردەکانیان ڕووخاند بێ ئەوەی تۆپەکەیان بەربکەوێت قەڵاتەبەردەکە دروست دەکەنەوە. بۆ وانەی بیرکاری دەکرێت بەردەکان ژمارەیان لەسەر بێت و بە ڕیزبەندی دروست بکرێنەوە، دەکرێت لەبری بەردەکان پارچە تەبەدۆری ئەستوور بن و ژمارەیان لەسەر بێت. پێویستییەکانی ئەو یارییە تۆپێکی بچووک و نەرم، 5 بەردی پان و تەخت نە زۆر گەورە نە زۆر بچووک (دەکرێت بەردەکان زۆرتر بن) دەکرێت لەبری بەرد تەبەدۆر بەکار بێت. ئەو یارییە بەجۆری دیکەش ئەنجام دەدرێت: بە ئەندازەی بەردەکان خانەمان کێشابێت لەسەر زەویەکە بۆ ئەوەی کاتێک بەردەکان ڕووخان هەر بەردەی ببرێتەوە خانەیەکی دیاری کراو جا دەکرێت بەردەکان و خانەکان ژمارەیان هەبێت یان پیتیان هەبێت یان وشە یان ڕەنگیان لەسەر بێت و بۆهەمان شوێنی گونجاویان ببەن

ئامانج لەم یارییە

ئامانج لەم یاری و چالاکییە: ١- فێربوونی ژمارە، پیت، وشە و ڕەنگ. ٢ - فێربوونی یارییەکی کوردەواری کۆن. ٣- بەدەستهێنانی ئامانج و کارکردن بەگرووپ. ٤ - پارێزگاری لە دەستکەوت. ٥ – سێرەگرتن و خێرایی